ناوهڕۆك
باسی تەڵاق چاککردنەوە
واتە گەڕاندنەوەی ژنی تەڵاقدراو بۆ ژێر مارەیی خۆی هەر کاتێک پیاو ژنی خۆی تەڵاقدا بە یەک تەڵاق یان بە دوو تەڵاق، ئەو ئافرەتە پیی ئەگوترێ: (رجعیة)، کەوابوو: بۆی دروستە بیگەڕێنێتەوە ژێر نیکاحی خۆی -هەرچەندە ژنەکەیش ڕازی نەبێ-.
رجعة بە مەرج دەبێت
بەم چوار مەرجانە:
- یەکەم: (عدة)ـی تەواو نەبووبێ.
- دووەم: سێ بە سێ تەڵاقی نەدابێ.
- سێیەم: بە پارە تەڵاقی نەدابێ.
- چوارەم: جیماعی لەگەڵ کردبێ.
(عن ابن عمر -رضي الله عنهما- .... أما أنت طلقتها واحدة أو إثنین؟ فإن رسول الله ﷺ أمرنی أن أراجعها) رواه مسلم، پیاوێک پرسیاری لە (ابن عمر) کرد دەربارەی تەڵاق؟ ئەویش فەرمووی: ئەگەر بە یەک تەڵاق، یان بە دوو تەڵاق، تەڵاقت داوە؟ بیگەڕێنەوە ژێر مارەیی خۆت، پێغەمبەر ﷺ ئەوها فەرمانی بە من کرد.
گفتوگۆی (رجعة) گەڕاندنەوە ئەمەیە: (وا ژنی خۆم گەڕاندەوە ژێر مارەیی خۆم). (وا دووبارە کردمەوە ژنی خۆم). هەروەها بزانە: سوننەتە لە لای دوو شاهید ئەو گفتوگۆیە بڵێ.
جا ئەگەر لەدوای تەلاقدان (عدة)ـی تەواو بوو بۆی حەڵاڵە مارەی بکاتەوە بە مارەبڕینێکی نوێ بە ئیزنی ژنەکە و بە (ولی) و دوو شاهید و بە مارەییەکی تر.
ئەوەیان پێی ئەگوترێ: جیابوونەوەی بچووک، کەوابوو: ئەو ئافرەتەی کە ئەگەڕێندرێتەوە، یان مارە ئەکرێتەوە، دێتەوە لای مێردەکەی بەو ژمارەیەی کە ماویەتی لە تەڵاقەکانی: ئەگەر تەڵاقێکی مابێ، تەنها هەر بەو تەڵاقە لەلای ئەمێنێتەوە، ئەگەر دوو تەڵاقی مابن، تەنها بە دوو تەڵاق لەلای ئەمێنێتەوە، چونکە ئیمامی (عمر) -رضي الله عنه- وەها فەتوای داوە و (صحابة)ـش ڕەخنەیان نەبووە، (البیهقی) گێڕاویەتەوە.